سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و تۆمەتبارکردنی پێنج هاووڵاتیی کورد بریتی لە یەک ژن بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل»

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٨:١٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی درەخشان ڕەحیمی و دوو برای ناوبراو بەناوەکانی یاسین ڕەحیمی و ڕزگار ڕەحیمی و عەدنان مەولایی  و هاووڵاتییەکی دیکە کە ناسنامەی دیار نییە، لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە» تۆمەتبار کراون و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەدنان مەولایی، درەخشان ڕەحیمی و دوو برای ناوبراو، یاسین و ڕزگار ڕەحیمی و هاووڵاتییەکی دیکە کە لە دوکانی شیرینی فرۆشیی ئەو بنەماڵە ئیشی دەکرد و هەنگاو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بەدواداچوون دەکات، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە و بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە» تۆمەتبار کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، یاسین و ڕزگار ڕەحیمی ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۳ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە.

ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۴ ساڵی خەڵکی سنە ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە لە رەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە دەستبەسەر کران و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە