ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئێحسان ڕۆستەمی و ڕامین ڕۆستەمی لە دەستبەسەرگەی بەندیخانەی ئێڤین

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٨:٥٨

هەنگاو؛ شەممە ۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

ئێحسان ڕۆستەمی و ڕامین ڕۆستەمی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان و بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ۴۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانیان تا ئێستاش لەو بەندیخانە ڕاگیراون و چارەنووسیان نادیارە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێحسان ڕۆستەمی، چالاکی کولتووری تەمەن ۳۸ ساڵ و ئامۆزاکەی، ڕامین ڕۆستەمی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری هەرسین سەرەڕای تێپەڕبوونی ۴۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانیان بەبێ هیچ دادگاییکردنێک لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕۆستەمی، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.

دۆسیەی ئەو دوو هاووڵاتییە لە خانەی دادی ئێڤین و لە لقێکی تایبەت بە تۆمەتی سیاسی تۆمار کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی دادگا بە مەبەستی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانیان بەڕێوە نەچووە و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بنەماڵەی ئێحسان ڕۆستەمی و ڕامین ڕۆستەمی لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام سەردانی خانەی دادی بەندیخانەی ئێڤینیان کردووە بەڵام سەرەڕای بەدواداچوونەکانیان، هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەیان وەرنەگرتووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، لە ماڵی خۆیان لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە