جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەحموود قەیتەرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

هەنگاو؛ سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی مەحموود قەیتەرانی، بەندکراوی کورد و خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕؤژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی مەحموود قەیتەرانی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی 'سپی سەنگ' ی مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە چوار ساڵ پێش لە تێکهەڵچوونێکدا کە لە سەر مڵک و زەوی و زاری کشتوکاڵی هاتبووە ئاراوە، برایەکی خۆی کوشتبوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.