ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوشتن و ناشتنی نهێنی تەرمی شەهلا کەریمیانی لە لایەن هێوەر و هاوژینەکەی خۆی لە مەهاباد

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٩:٥٠

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

شەهلا کەریمیانی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەی بۆ لای هاوژینە پێشووەکەی و منداڵەکانی، لە لایەن هێوەر و هاوژینەکەیەوە کوژرا. تەرمی ئەم ژنە گەنجە پاش ١٥ ڕۆژ ونبوون دۆزرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، تەرمی شەهلا کەریمیان ٣٨ ساڵە و خەڵکی مەهاباد لە گۆڕستانی «بەفرەوان» لە ناوچەی شاروێران سەر بە شاری مەهاباد دۆزرایەوە، تەرمی ناوبراو پاش ١٥ ڕۆژ لە ونبوونی و لە ئەنجامی دانپێدانان بە کوشتن لە لایەن ئەمین شەنگە و ئومید شەنگە، هێوەر و هاوژینەکەی دۆزرایەوە. بکوژان بە درووستکردنی سیناریۆ وایان پیشان داوە کە شەهلا لە هەرێمی کوردستاندایە.

یەکێک لە ئەندامانی نزیک بە ئەم بنەماڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ساڵێک پێش شەهلا بە هۆی توندویژی خێزانی و هاوسەرگیری دووەمی هاوژینەکەی، لە هاوژینەکەی جیا بووەوە و منداڵەکانی لە لای باوکیان بوون. هەروەها بە هۆی نەبوونی پاڵپشتی لە لایەن بنەماڵەی شەهلاوە، ناوبراو پاش جیابوونەوە لە ڕێگەی کرێکاری لە باخەکانی میوە و زەوییە کشتووکاڵییەکانی مەهاباد ژیانی خۆی بە تەنیا بەڕێوە دەبرد.

ئەم کەسە جەختی کردەوە کە شەهلا پاش جیابوونەوە چەندین جار بە بنەماڵەی خۆی و دەورووبەرییەکانی خۆی ڕاگەیاندووە کە لە لایەن هێوەرەکەیەوە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێ، ناوبراو کۆمەڵێک پەیوەندیی تەلفۆنی و فایلی دەنگی پڕ لە هەڕەشەی لە هێوەرەکەیەوە وەرگرتووە. ئەو جەختی کردبووەوە کە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.

هاوژینی شەهلا پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە جیابوونەوەکەیان، بە بیانوونی ئاگاداریی لە منداڵەکانیان دووبارە داوای هاوسەرگیری لە شەهلا کردەوە و لە کۆتاییدا هاوسەرگیرییان کردەوە. پاش هاوسەرگیری دووبارە، بنەماڵەی شەهلا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونییان لە لایەن شەهلاوە بۆ نەهاتووە و پێداچوونەوەکانیان لە لایەن هاوژینی شەهلاوە بە تۆمەتی هەڵاتن لەگەڵ پیاوێکی دیکە بۆ وڵاتانی دەورووبەر وڵام دەدرێتەوە. تەنانەت بە ڕەقەم تەلەفونێکی عێراق نامەیەک بە ناوەڕۆکی من «شەهلا» لە هەولێرم و خەمی منتان نەبێ بۆ ئەوان دەنێرن.

لە کۆتاییدا پاش سکاڵای خوشکی شەهلا لە هێوەر و هاوژینەکەی شەهلا، ئەوان دەستبەسەر دەکرێن و بە زووترین کات دان بە کوشتن و ناشتنی تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی بەفروان دەنێن.

تەرمی شەهلا کەریمیان پاش هەڵدانەوەی گۆڕ بۆ پزیشکی دادوەریی مەهاباد و پزیشکی دادوەریی ئورمیە نێردراوە لە ڕاستای پشکنینی جەستە و دۆزینەوەی شێوەی کوشتنی ئەم ژنە گەنجە.

ئەمین شەنگە هێوەری شەهلا و ئومید شەنگە هاوژینی ناوبراو هەتا ئێستا لە دەستبەسەرگەی دەسەڵاتی دادوەرییدان.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە