جێبەبێکرانی نهێنییانەی سزای سێدارەی شەش بەندکراوی سیاسیی عەرەب لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز

هەنگاو؛ سێشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
سەرەڕای هۆشدارە بەردەوامەکان سەبارەت بە مەترسیی گیانی لەسەر عەلی مەجدم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خنفەری حەبیب دریس، عەدنان غوبەیشاوی و ساڵم مووسەوی، سزای سێدارەی ئەم شەش بەندکراوە سیاسییە عەرەبە بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز(سپیدار) جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرەبەیانیی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥(٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ەلی مەجدم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خنفەری حەبیب دریس، عەدنان غوبەیشاوی و ساڵم مووسەویی بەندکراوانی سیاسیی عەرەب جێبەجێ کرا.
ڕێکخراوە مافی مرۆڤیی هەنگاو جێبەجێکرانی ئەو سزا دژەمرۆڤانەیە سەرکۆنە دەکات و لە تەواوی دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی داوا دەکات بۆ وەستاندنی ڕەوتی سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، بێ درەنگ هەنگاو هەڵێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمەتی ئەم بەندکراوانە «جیاییخوازی» و «بوونی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» بووە.
سزای سێدارەی ئەم شەش بەندکراوە عەرەبە بە شێوەیەکی نهێنییانە و بەبێ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەڕێوە چووە.
شیاوی ئاماژەپێدانە هەنگاو پێشتر سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم شەش بەندکراوی سیاسیی عەرەبە هۆشداریی دابوو.
سزای لەسێدارەدانی ەلی مەجدم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خنفەری حەبیب دریس، عەدنان غوبەیشاوی و ساڵم مووسەوی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە لایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە دەرکرابوو.
ئەم شەش بەندکراوە، پێشتر لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا دانیان بە «جێبەجێکردنی دراو و حەواڵە لە ڕێگەی بانکێکی دەرەکی و هێرشی چەکداری» و پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕەوتی سیاسیی «حرکە النضال» پێ هێنرابوو.
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندووە کە ئەم شەش بەندکراوە سیاسیی عەرەبە لە چەند چالاکیی جیاوازدا، دوو بەسیجی، ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکان و سەربازێکیان کوشتووە.