سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عەدنان تۆفیق هاووڵاتیی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
عەدنان تۆفیق هاووڵاتیی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا لە بێدەنگیی چڕی میدیاکاندا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەدنان تۆفیق هاووڵاتیی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ مانگی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و تا ئێستا بە بارودۆخێکی ناڕوونی یاساییەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.
عەدنان تۆفیق لەحاڵێکدا کە گەشتی کردبوو بۆ ئێران لە نێوان شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو لەو ماوەیەدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بە تەواوی بێبەش بووە و لە بارودۆخێکی نادیاردا بە دەستبەسەرکراوی ڕاگیراوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لەم دواییانەدا لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.