بانە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هۆشیار شەعبانی و زیاتربوونی نیگەرانییەکان لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
هۆشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری بانە سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ و نیو لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی بانە، سەقز و سنە، هیچ وەڵامێکی ڕوون لەسەر بارودۆخی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ۴۷ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی تەمەن ۳۱ ساڵی خەڵکی بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی هۆشیار شەعبانی بریتی لە دایک و باوکی بەساڵاچووی ناوبراو، لەو ماوەیەدا بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی بانە، سەقز و سنەیان کردووە و هیچ وەڵامێکیان لەسەر باری تەندرووستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بەدەست نەهێناوە.
ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بریتی لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا یەک جار، دوای سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی سنە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ دایکی هەبووە و خۆی بە هوشیار ناساندووە بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی خۆی نەداوە.
هۆشیار شەعبانی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە کە هەر دوو لاقی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گوللە پێکرابوون و بریندار کرابوو تا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندرووستی و دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بە بنەماڵەکەی نەدراوە و نیگەرانیی زیاتری لێکەوتۆتەوە.
هۆشیار شەعبانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵) لە ناوچەی «کانی سوور»ی بانە دوای تەقەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لاقی بە سێ گوللە پێکرا و بە برینداری دەستبەسەر کرا.
هۆشیار شەعبانی پێشتر پێشینەی دەستبەسەرکران و هەڵسوکەوتی دادوەریی هەبووە. ناوبراو لە ساڵەکانی ۲۷۱۷، ۲۷۱۸، ۲۷۱۹ و ۲۷۲۲ بەهۆی چالاکیی مەدەنی بریتی لە بەشداری لە کەمپینی پاڵپشتی لە کۆڵبەران و مانگرتنەکان چەندین جار دەستبەسەر کرابوو و لە دوو حاڵەتیدا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.