ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

هەنگاو؛ چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەریوان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی، تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی گوندی لەنجاوای سەر بە شاری مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی خاڵی لە تێکهەڵچوونێکدا لەسەر کێشەی ماڵی دەستبەسەر کرا و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو و یارمەتیی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی مەریوان و سنە بە مەبەستی ڕاگرتن یان دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکەی، ئەو هەوڵانە بێ ئاکام ماونەتەوە و لە ئاکامدا سزای سێدارەی ناوبراو جێبەجێ کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.