مەهاباد؛ یوونس تەنهایی سزای ٢٠ مانگ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
یوونس تەنهایی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بیست مانگ و ڕۆژێکی بەندکران بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوە مافی مرۆڤیی هەنگاو، یوونس تەنهایی، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی «حەمزاوا» سەر بە مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر یاسر گوزەلی بە تۆمەتی «هاوکاریی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای ٢٠ مانگ و ڕۆژێک دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی وەک دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
یوونس تەنهایی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٥(١٨ی ژووەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە، ئەو هاووڵاتییە پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانیەوە پێشینەی گیران و هەروەها دادگاییکردنی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و دادوەرییەکانەوە بووە.