ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مێلیتاریزەکردنی ئورمیە؛ جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان و دانانی خاڵی پشکنینی ناوەناوە و تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییان

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٦:٠٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

لە درێژەی سیاسەتە ئەمنیەتییەکان و ڕەوتی مێلیتاریزەکردن لە دەوروبەری ئورمیە لە سێ حەوتووی ڕابردوو هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئورمیە بە جێگیربوونی بەرفراوان و دانانی خاڵی پشکنینی ناوەناوە، کەشێکی ئەمنیەتیی توند و سنووردارییەکی بەربڵاویان لەسەر هاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی کورد داناوە.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەم ڕاپۆرتەدا بەپێی زانیاری و ئاگاداریی ورد، دەپڕژێتە سەر خوێندنەوەی ڕەهەندەکانی زیادبوونی میلیتاریزەکردن و جێگیرکردنی هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆیان بۆسەر هاووڵاتییان لە ئورمیە و بەتایبەت لە دەڤەری تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوو، جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەی تەرگەوەڕ ڕوو لە هەڵکشانە و دەیان ئۆتۆمبیلی نیزامی لە ڕێگا سەرەکی و لابڕەکان لە هاتوچۆدان و بەشێکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی جێگیرکراو لەوناوچەیە هاوڕێ لەگەڵ کەسانی ''جاش''.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٥(٦ ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوایی هاشماوا، بەشی سیلوانا لە ناوچەی مەرگەوەڕ، دوو برا بە ناوەکانی عەبدولهادی و محەممەدساڵح(تەمەنی ژێر ١٨ ساڵە) لە کاتێکدا لەمەڕ ڕووخاندنی کارگەی بلووکبڕیی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوەتە بەر دەستڕێژی چەکی ساچمەیی  و هەردووکیان بە سەختی لە بەشی لاقیانەوە بریندار بوون.

شایتحاڵانی ئەم دۆخە لەم ناوچەیە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە زۆرتر لە ٢٠ ڕۆژە لە ناوچەی «تەرگەوەڕ»ی ئورمیە خاڵی پشکنینی پەیتاپەیتا جێگیر کراوە و بوونی بەرفراوانی هێزە چەکدارەکان و سازکردنی سەنگەر لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان و پەراوێزی ئاواییەکان، کەشێکی ترسێنەر و چاودێرییەکی توندی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەدا سەپاندووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە، خاڵەکانی پشکنین بە چاودێریی توند ماشێنەکان ڕادەگرن، داوای کارتی پێناسە دەکەن، ماشێنەکان دەپشکنن و لە خەڵک سەبارەت بە شوێنی چوونیان لێپرسینەوە دەکەن.

ئەم هێزانە تەنانەت ئامێرەکانی پەیوەندیگرتنی گەشتیارانیش دەگەڕێن تا لە گرتنی هەرچەشنە وێنە و ویدیۆیەک ڕیگیری بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە