پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار بەناوەکانی خالید قادرپوور، محەممەد قادری و موراد ڕەسووڵ بەهرامی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، خالید قادرپوور تەمەن ۳۰ ساڵ، محەممەد قادری تەمەن ۲۷ ساڵ و موراد ڕەسووڵ بەهرامی تەمەن ۳۶ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەمرچین سەر بە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.