دەستبەسەرکرانی دووبارەی موحسین گەردشی و حوسێن گەردشی، دوو برای خەڵکی بۆکان

هەنگاو؛ هەینی ۱۸ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
حوسێن گەردشی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و براکەی، موحسین گەردشی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، حوسێن گەردشی و موحسین گەردشی، دوو برای خەڵکی شاری بۆکان دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی موحسین گەردشی لە دوکانی شوێنی کارەکەی ڕووی داوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییەیان پشکنیوە.
هەروەها، ئەو هێزانە هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موحسین گەردشی و وێڕای ترساندنی بنەماڵەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
شایەنی باسە کە حوسێن گەردشی و موحسین گەردشی لە ڕێکەوتی ۲۰ی بەفرانباری ۲۷۲۰ (۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۱)، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی چالاکانی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوون.
لە ئاکامدا موحسین گەردشی دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو و حوسێن گەردشی ڕۆژی دووشەممە ۱۸ی ڕەشەممە (۸ی مارس) دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
حوسێن گەردشی دوای ماوەیەک بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت» سزای بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا و سزاکانی جێبەجێ کرابوو.