بەندیخانەی سەقز؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی بێهزاد ڕەسووڵی هاوکات لەگەڵ سی و سێهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی ناوبراو

هەنگاو؛ شەممە ۱۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسفەھان دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەوتوو بێ هەواڵی بۆ بەندیخانەی سەقز گواسترابۆوە، بۆ ماوەی ۱۲۰ ڕۆژی دیکە درێژ کراوە. ناوبراو سی و سێهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی تێپەڕ دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بۆ ماوەی ۱۲۰ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بێهزاد ڕەسووڵی، بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی و نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی لە ۳۳ ڕۆژ پێشەوە مانی لە خواردن گرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ هەنگاو جەختی کردۆتەوە کە، خوشک و برای بێهزاد ڕەسووڵی دوای دوو مانگ توانیویانە لە بەندیخانەی سەقز بیبینن و بەهۆی بەردەوامیی ناوبراو لە مانگرتن نیگەرانی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراون. بێهزاد ڕەسووڵی لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسفەهان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە وەڵامنەدانەوە و ناڕوونی چارەنووسی، مانی لە خواردن گرتووە و دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی سەقزیش مانگرتنەکەی درێژە پێ داوە.
بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۴۲ ساڵ ڕۆژی شەممە ۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۶ی جولای ۲۰۲۵)، لەکاتێکدا کە بۆ دیتنی منداڵەکەی سەردانی ئیسفەهانی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لەو شارە دەستبەسەر کرا.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بێهزاد ڕەسووڵی دوای دەستبەسەرکرانی نایاسایی خۆی و ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە و مانگرتن لە خواردن، ۱۳ کیلۆی کێش دابەزاندووە.
شایەنی باسە کە پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ۲۷۲۱، میترا تەقیپوور، هاوژینی پێشووی بێهزاد ڕەسووڵی لەگەڵ منداڵەکەیان، مێهرسام ڕەسووڵی کە ئەو کات تەمەنی ۴ ساڵ بووە، لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان و لە سنووری شاری مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ڕادەستی ئیتلاعاتی سوپای ئیسفەهان کرابوو.
بێهزاد ڕەسووڵی پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و دوای جودابوونەوەی لەو حیزبە گەرابۆوە بۆ سەقز.