ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی بێهزاد ڕەسووڵی مانگرتنی ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٠:٣١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، کە دوو مانگ پێش لە لایەن هێزەکانی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسفەهان دەستبەسەر  کرابوو، پاش چەندین حەوتوو ناڕوونیی چارەنووس بەم دواییانە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، کە ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٦ی ژوئیەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسفەهان دەستبەسەر  کرابوو و لەم ماوەیەدا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نەبوو و وەدواکەوتنەکانی بنەماڵەی بێ ئاکام مابۆوە، لەم دواییانەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە بێهزاد ڕەسووڵی لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە ئیسفەهان هیچ چەشنە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەی نەبووە و لە مافی دەسپێگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش بووە. ناوبراو لەم دواییانەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی کورت لەگەڵ بنەماڵەی، ڕاگواستنی خۆی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگەیاندووە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە دوو حەفتە پێشەوە مانی لە خواردن گرتووە و بەهۆی مانگرتن و هەروەها ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسی ١٣ کیلۆ کێشی لەشی دابەزیوە.

بێهزادی ڕەسووڵی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥(١٧ی جوولای) لە کاتی ڕۆیشتن بۆ چاوپێکەوتنی منداڵی ٨ ساڵەی خۆی لە ئیسفەهان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندرابوو.

شیاوی ئاماژەپێدانە، پێشتریش لە ڕەزبەری ٢٧٢١، میترا تەقی‌پوور، هاوژینی بێهزاد ڕەسووڵی، لەگەڵ منداڵی کەم‌تەمەنی خۆیان، مێهرسام ڕەسووڵی کە لەوکاتەدا ٤ ساڵان بوو لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان و لە سنووری شارستانی مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان ڕاگوێزرابوون.

بێهزاد ڕەسووڵی پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران بووە و پاش جیابوونەوە لەم حیزبە بۆ سەقز گەڕابۆوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە