مەهاباد؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ئەفشین ئیبراهیمی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ شەممە ۱۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
ئەفشین ئیبراهیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەھاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا. ئەو هێزانە لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، ئەفشین ئیبراهیمی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ۷ی بەیانی ئەفشین ئیبراهیمییان لەو شارە دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
ئەو هاووڵاتییە دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کراوە بەڵام کاتێک بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردووە دیسان دەستبەسەر کراوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزە ئەمنییەکان دوای زەوتکردنی مۆبایلی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆیشتوونەتە سەر لاپەڕەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.