سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

٢٣ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٧:٤٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی ئەمیرڕەزا قوبادی، مەجید حاتەمی و سەجاد حاتەمی کە پێشتر بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەرلەبەیانیی چوار شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥(١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد و خەڵکی کۆیەشت بە ناوەکانی ئەمیرڕەزا قوبادی، مەجید حاتەمی و سەجاد حاتەمی جێبەجێ کرا. میدیا حکوومەتییەکان ئاماژەیان بە شوێنی جێبەجێکرانی سزاکە نەکردووە، بەڵام هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە سزای ئەم بەندکراوانە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

میدیاکانی سەر بە ڕیژیم لەو بابەتەوە نووسیویانە، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ تۆمەتبارە پاش چەندین حاڵەتی دزیی چەکدارانە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی جیاوازی تاران و چەند شاری دیکەدا ڕوویداوە.

ئەو تۆمەتبارانە پاش دەستگیرکرانیان لە ساڵی ٢٧٢٤، بە تۆمەتگەلی وەک «شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی چەکدەرهێنان بۆ سەر خەڵک، بەشداریی لە دزیی ماڵ بە شێوەی زنجیرەیی و چەکدارانە بە چەکی گەرم و گرووپییانە لە شەودا هاوکات لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە و هەڕەشە لە کەسانی ناوماڵ و هەڕەشە بە چەکی گەرم» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو.

لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ پاکانەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ کەسە هاتووە کە کردەوەکانی ئەم سێ بەندکراوە تۆمەتبارە بووەتە هۆکاری « پێکهێنانی ترس و شڵەژان و نائەمنی بۆ هاووڵاتییان.»

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە