مەریوان؛ محەممەد دادڕەس لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
محەممەد دادڕەس، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، محەممەد دادڕەس، خەڵکی گوندی سەردوشی سەر بە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی محەممەد دادڕەس، دەیان هێزی ئەمنیی چەکدار لەنێو شەش ئۆتۆمبێلدا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە.
ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکرانی محەممەد دادڕەس، ماڵ و هەندێک لە کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراویان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.