میاندواو؛ شەش هاووڵاتیی کورد سزای هەژدە مانگ و شەش ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١١:٤٦

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۸ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەستە، شەهاب تەوان، خالق ڕەحیمی، نیما قوربانزادە و سدیق عەباسنژاد، هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی شاری میاندواو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۱۸ مانگ و ۶ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سدیق عەباسنژاد، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «قەڵای هەلاکووخان»، بێهزاد بەرجەستە تەمەن ۳۲ ساڵ، کەیوان بەرجەستە و نیما قوربانزادە تەمەن ۲۸ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «براییم ئاباد» سەر بە شاری میاندواو، خالق ڕەحیمی باوکی سێ منداڵ و موبین مەجیدزادە تەمەن ۲۸ ساڵ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گامێش گووڵی» سەر بە شاری میاندواو بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران» لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی دووی میاندواو سزای ۳ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران واتا سەرجەم سزای ۱۸ مانگ و ۶ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی «بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە گیانبەختکردووان بەدەستی کۆماری ئیسلامی و پەیوەندی و وتووێژ لەگەڵ چالاکێکی سیاسی دەرەوەی وڵات» سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو هاووڵاتییانە ئێوارەی شەممە ۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۲۲ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کرابوون و دوای یەک مانگ بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوون.

 

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە