جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سەعید ئەمیری، مێهرداد شەهیدی و غولامعەلی نازاریان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۰ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی سەعید ئەمیری، مێهرداد شەهیدی و غولامعەلی نازاریان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوەکانی سەعید ئەمیری تەمەن ۳۰ ساڵ و مێهرداد شەهیدی تەمەن ۳۳ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۸ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۳۰ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوی غولامعەلی نازاریان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوەش پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.