بۆکان؛ دەستبەسەر کرانی دووبارە و ناڕوونیی چارەنووسی عەبدوڵڵا گوڵستانی

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٣:٢٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتی کورد و خەڵکی بۆکان جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەربوونی یەک حەوتوو هێشتا زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراودا لە بەردەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی عەبدوڵڵا گوڵستانی خەڵکی بۆکان، هێشتا چارەنووسی ناوبراو نادیارە و وەزارەتی ئیتلاعات لە وڵام دانەوە لەم بارەوە خۆی دەبوێرێ.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، عەبدووڵا گوڵستانی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکام دەستبەسەر کرابووە.

شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

عەبدووڵا گوڵستانی لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش یەک حەوتوو دەستبەسەر کران و بە هۆی ئەشکەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەکان لە بەشی بڕبڕەی پشتییەوە تووشی شکان بوو. ناوبراو پاش ماوەیەک دیسان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترابوویەوە.

ناوبراو پێشتریش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دانانی ١١٣ ملوێن تمەن سزای پارە و یەک مانگ بەندکران سزا درابوو کە بە دانانی ئەم بڕە پارە و دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە