ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوشتنی سارینا ڕۆستەمی ١٦ ساڵە بە هۆی ڕازی نەبوونی بە شوونەکردنی زۆرەملێ

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
کچێکی ١٦ ساڵە بە ناوی سارینا ڕۆستەمی لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆیەوە بە بەکار هێنانی چەکی گەرم لە سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان کوژرا.هۆکاری بکوژ لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تێکدانی ڕێوڕەسمی دەزگیرانی و نەویستن و ئامادەنەبوونی ناوبراو بۆ هاوسەرگیری بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، کچێکی ١٦ ساڵە بە ناوی سارینا ڕۆستەمی و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆیەوە کە هەتا ئێستا ناسنامەی نادیار ماوەتەوە، بە تەقەی چەکی ڕاو بریندار بووە و چەند کاتژمێر پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەم شارە بە هۆی قورسی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
سارینا ڕۆستەمی، خوێندکاری دواناوەندیی بووە کە پاش گەڕانەوەی لە قوتابخانە بە هۆی ناڕەزایەتی لەگەڵ هاوسەرگیری زۆرەملی و تێکدانی دەزگیراندارییەکەی لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کەوتە بەر ئامانجی تەقەی چەکی ڕاوکردن.
شایانی باسە کە سەرەڕای پێداچوونەوەی زۆری هەنگاو لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بنەماڵەی سارینا ڕۆستەمی لە دانانی هەر جۆرە ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەم تاوانە خۆیان دەبوێرن.