بەرزبوونەوەی ژمارەی بەندکراوانی لە سێدارە دراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بۆ چوار کەس

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٣:١٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

بە پشتڕاست کردنەوەی ناسنامەی بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی ساسان لوڕستانی، کە سزای لە سێدارە دانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ بووە، ژمارەی بەندکراوانی لە سێدارە دراو لەم بەندیخانە بۆ چوار بەرز بووە. پێشتریش ناسنامەی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی میرزایی، ئیقباڵ خەزایی و ئەحمەد «نازناوی بنەماڵەیی نادیارە»، پشتڕاست کرابووەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ساسان لوڕستانی، ٤٠ ساڵە و خەڵکی بە شاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بە نهێنی و بە بێ مافی چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە لە چوار ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

پێشتریش هەنگاو لەسەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کوردی دیکەی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی شەهرام میرزایی ٣١ ساڵە، ئێقباڵ خەزایی و ئەحمەد (نازناوی بنەماڵەیی نادیارە)، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە هەمان ڕۆژ لەم بەندیخانەدا هەواڵی ڕاگەیاندبوو.

هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیاکانی حکومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە