ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوشتنی لەیلا عەلیڕەمایی بەدەستی یەک لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە مەریوان

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٢:٢٧

هه‌نگاو؛ دووشەممە ٥ گەڵاڕێزانی ١٤٠٤

ژنێکی تەمەن  ٤٠ ساڵ بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی بە دەستی پیاوێکی دراوسێی خۆیان کە ئەندامی فەرمیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، بە چەکی گەرم لە شاری مریوان کوژرا. هۆکاری ئەم تاوانە، ڕەتکردنەوەی داواکاری زۆرەملانەی ئەو پیاوە بووە کە داوای لە لەیلا کردووە لە هاوژینەکەی جیابێتەوە و مێرد بەو بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو،  ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، ژنێکی ٤٠ ساڵە بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی خەڵکی گوندی "بێساران" و نیشتەجێی شاری مەریوان لە گەڕەکی "شەهرەکی هیجرەت" (جوجەسازی)، لە لایەن پیاوێکی دراوسێیان بە ناوی کەیوان باسامی ـ کە ئەندامی  هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانە  لەڕێگای بەکارهێنانی چەکی گەرمەوە کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هه‌نگاوی ڕاگەیاند که،  بکوژەکە چووە بۆ ماڵی لەیلا و داوای لە ناوبراوە کردۆ کە لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە و لەگەڵ ئەو هاوسەرگیری بکات، بەڵام لەیلا ئەم داواکارییەی ڕەتکردووە. لە پاش ئەم ڕەتکردنەوەیە، بکوژەکە لەیلای لە پێش دووکانی شوێنی کار کردنەکەی داوەتە بەر دەستڕێژ و دەستبەجێ کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها کوتوویەتی کە بکوژەکە، خەڵکی گوندی بێساران و خێزاندارە و دوو ژنی هەیە. کەیوان باسامی پێشتریش لەگەڵ دوو هاوژینەکەی توندوتیژی بەردەوامی هەبووە و تەنانەت بە چەکی سارد هێرشی کردۆتە سەر هاوژینی یەکەمی و هاوژینە دووەمەکەیشی بەهۆی بەردەوامی توندوتیژی داوای جیابوونەوە کردووە کە ئێستا دۆسیەکەیان لەدادگادایە.

جێگای ئاماژەیە کە، لەیلا عەلیڕەمایی هاوژینی هەبووە  و دایکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەن بووە، کە لە کاتی ڕوودانی ئەم تاوانە لە قوتابخانە بوون و هەروها هاوژینەکەشی لە ماڵ نەبوە .
بکوژەکە پاش ئەوەی تاوانەکەی ئەنجامدا، دەستبەسەر کرا و پەیکەری لەیلا عەلیڕەمایی بۆ پشکنین و دەرکەوتنی وردەکاری زیاتر گواستراوەتەوە پزیشکی یاسایی شاری مەریوان.

پێوست بە ئاماژەیە کە پەیکەری لەیلا عەلیڕەمایی ڕۆژی دووشەممە ٥ خەزەڵوەر لە گۆڕستانی "دارسیران"ی مەریوان بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە