بەرزبوونەوەی ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بۆ چوار کەس

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٧:١٥

هەنگاو؛ هەینی ۱۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی بەندکراوێکی دیکەی کوردی بەناوی کامیار بەراتی سەروەنەوی، کە سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کراوە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی ئەو بەندیخانە گەیشتە چوار کەس. پێشتر ناسنامەی سێ بەندکراوی دیکە بەناوەکانی سەعید ئەمیری، مێهرداد شەهیدی و غولامعەلی نازاریان ئاشکرا کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی کامیار بەراتی سەروەنەوی، خەڵکی سەرفیرووزئابادی کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشانی بەناوەکانی سەعید ئەمیری تەمەن ۳۰ ساڵ و مێهرداد شەهیدی تەمەن ۳۳ ساڵ و غولامعەلی نازاریان کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە هەمان ڕۆژ و بەندیخانەدا بڵاو کردبۆوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە