ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو سەبارەت بە زیاتربوونی گوشاری ڕیکخراوانە لەسەر مامۆستایانی کوردستان؛ دەرکران و دوورخستنەوەی لە ۱۴ مامۆستای کورد

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٢:١٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۳۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردنی مامۆستایان لە کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەپاندنی سزای قورسی دوورخستنەوە، دەرکران، تاراندن و خانەنشینکردنی زۆرەملێ بۆ لانی کەم ۱۴ مامۆستای کورد لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقزی لێکەوتۆتەوە. ئەو سزایانە پاش گەشتی دەستەی تایبەتی شوورای باڵای نیشتمانی لە تاران بۆ کوردستان، لەدوای شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەسەر ئەو مامۆستایانەدا سەپێندراوە. ئەو دەستەیە داوای دەرکردنی ۱۵ مامۆستای کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ئەنجامی گوشاری بەردەوام لەسەر ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، حەوت مامۆستا لە شاری سنە لەگەڵ سزای یەکلایی‌کراوەی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ڕووبەڕوو کراونەتەوە کە زانیاریی زیاتر لەو بارەدا لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ڕادەگەیەندرێت:

مەجید کەریمی خەڵکی سەقز (کارناسی باڵای بواری زانستە سیاسییەکان، ۲۳ ساڵ پێشینەی مامۆستایی): دەرکران و دوورخستنەوەی هەتایی لە پیشە دەوڵەتییەکان.

غیاس نێعمەتی(کارناسی باڵای دەروونناسی کلینیکاڵ، ۱۷ ساڵ پێشینە): دەرکرانی هەتایی لە پەروەردە و بارهێنان.

سەلاح حاجی میرزایی (کارناسی باڵای مێژوو، ۲۶ ساڵ پێشینە): دەرکرانی کاتی بۆ ماوەی یەک ساڵ.

نەسرین کەریمی (کارناسی باڵای کۆمەڵناسی، ۲۷ ساڵ پێشینە): خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە هاتنەخوارەوەی دوو پلەی پیشەیی.

لەیلا زارعی (کارناسی فێرکاری قوتابییانی سەرەتایی، ۳۰ ساڵ پێشینە): لابردن لە یاریدەری قوتابخانە و خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە داشکانی یەک پلەی پیشەیی.

فەیسەل نووری خەڵکی ڕوانسەر (کارناسی باڵای بیرکاری، ۱۹ ساڵ پێشینە): دوورخستنەوە بۆ کرماشان بۆ ماوەی ۵ ساڵ.

مامۆستایەکی دیکە کە نەیویستووە ناوەکەی میدیایی بکرێتەوە، لە پێداچوونەوەدا بە سەختترکردنەوەی سزا، سزاکەی لە دوورخستنەوەی کاتی بۆ دەرکرانی هەتایی گۆڕدراوە.

هاوکات گوشارەکان لەسەر مامۆستایانی شارەکانی دیکەی کوردستان درێژەی هەبووە و لە شاری دیواندەرە، چوار ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان بەهۆی چالاکیی پیشەیی و بەدواداچوون بۆ داواکارییە یاساییەکانی فەرهەنگیان، لەگەڵ سەپاندنی سزای یەکلایی‌کراوەی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ڕووبەڕوو کراونەتەوە:

پەرویز ئەحسەنی: دەرکران لە خزمەت

کاوە محەممەدزادە: دەرکران لە خزمەت

هیوا قورەیشی: دەرکران لە خزمەت

ئومید شامحەممەدی: دەرکران لە خزمەت

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ئەو سزایانەی لە ڕۆژی ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۱۹ی ئاگۆستی ۲۰۲۵) بەسەر مامۆستایانی دیواندەرەدا سەپێندراون لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە پێیان ڕاگەیەندراون و پێیان کوتراوە کە مووچە، بیمە و سەرمووچەکانی دیکەیان بڕاونەتەوە و بەشێوەی هەتایی لە کار دەرکراون.

ئەو مامۆستایانە پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۰ی خەزەڵوەری ۲۷۲۴ لە لایەن دەستەی سەرەتایی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییەکانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە دادگایی کرابوون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرابوو؛

پەرویز ئەحسەنی سزای پێنج ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری قوروە، هیوا قورەیشی و کاوە محەممەدزادە سزای دەرکران و ئومید شامحەممەدی سزای دوورخستنەوە لە خزمەتیان بەسەردا سەپێندرابوو. سەرەڕای ناڕەزایەتیی فەرمیی ئەو مامۆستایانە بە سزاکانیان، دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان سزای یەکلایی دەرکرانی هەر چوارکەسیانی ڕاگەیاند.

هەروەها لە شاری سەقزیش سێ مامۆستای دیکە سزای بەندوبەستییانەی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە:

• شەهرام کەریمی: شەش مانگ دوورخستنەوە لە خزمەت.

•لوقمان ئەڵڵامورادی: یەک ساڵ دوورخستنەوە لە خزمەت.

•سولەیمان عەبدی: خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە هێنانەخوارەوەی دوو گرووپی پیشەیی.

لە درێژەی گوشاری ئیداری لەسەر مامۆستایانی کوردستان چەند مانگ پێشتر لە شاری مەریوان، سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای خەڵکی گوندی ڕواڕی سەر بە شاری سەوڵاوا بە ۱۷ ساڵ پێشینەی خزمەتەوە، لە کار دوور خرایەوە. هەروەها لەیلا سەلیمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان بە ۳۲ ساڵ پێشینەی وانەکوتنەوە و خاوەن بەڵگەی دۆکتۆرای بواری بەڕێوبەرایەتی، لە لایەن دەستەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکان سزای دوو مانگ دوورخستنەوە لە خزمەتی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو مامۆستایانە بەتایبەت پاش بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بە بەردەوامی لەژێر گوشاردا بوون و لەو کاتەوە تا ئێستا لەگەڵ بانگکران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، دەستبەسەرکران، سەپاندنی سزای قورس و دەرکران ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

مامۆستایان لە یەکەمین دەستە پیشەییەکان بوون کە ڕاشکاوانە پاڵپشتییان لە ناڕەزایەتییەکان کردبوو و ڕۆڵێکی چالاکییان لە پاڵپشتی لە داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەران گێڕابوو.

ئەو سزایانە لەحاڵێکدا بەسەر ئەو مامۆستایانەدا سەپێندراون کە سەید فواد حوسێنی، بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، لەم دواییانەدا لە وتووێژێک لەگەڵ تەسنیم، هەواڵنێری پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانەوە کوتبووی کە «هیچ مامۆستایەک لەو پارێزگایەدا لە کار دەرنەکراوە».

بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، دوای شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەستەیەکی تایبەت لە شوورای باڵای ئەمنییەتی نیشتمانی لە تارانەوە بۆ کوردستان نێردراوە و لەسەر دۆسیەی مامۆستایان لە دادگوستەری، فەرمانگەی ئیتلاعات، فەرمانداری و فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی کوردستان لێکۆڵینەوەیان کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو ئەو دەستەیە لە دوایین دانیشتنی خۆی لە ئوستانداری سنە کە نزیک بە پێنج کاتژمێری خایاندووە، ڕایگەیاندووە کە لە پارێزگای سنە لانی کەم ۱۵ مامۆستا لە کار دەردەکرێن. بەدواداچوونی ناوەندە ئەمنییەکان، بەتایبەت ئیدارەی ئیتلاعات، لەئاکامدا بووەتە هۆی جێبەجێکردنی ئەم سزایانە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە ئەو سزایانەی بە گرنگینەدانی ئاشکرا بە مافە ڕەواکانی مامۆستایان و قوتابییان زانیوە و ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری لەسەر خاڵە پەیوەندیدارەکان لەو دۆسیەسازییانەدا بە ڕای گشتی دەگەیەندرێت.

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، بەتایبەت پاش بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی بە پاساوی بەشداری لە کۆبوونەوە پیشەییەکان یان پاڵپشتی لە ناڕازییان، لەژێر ناوی سەرپێچی ئیداری لەکار دەرکردووە و یان بە خانەنشینکردنی پێش وادەی دیاریکراویان ناچاری کردوون.

ئەو گوشارانە لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر کراونەتەوە و مامۆستایان بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون و چەندین جار بۆ ڕاگەیاندنی شرۆڤەکانیان بانگ کراونەتە ئەو ناوەندانە و لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی سەپاندنی ئەو سزایانە بەسەر مامۆستایاندا، پێداگری دەکات کە سەپاندنی ئەو چەشنە سزایانە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە یاسایی و پیشەییەکانی مامۆستایان و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ناوەندە ئەمنییەکان لە پەروەردە و بارهێنان بە مەبەستی سەرکوتی دەنگی دادپەروەریخوازی مامۆستایانە. هەنگاو سەبارەت بە درێژەی گوشار و هەڕەشەکان دژ بە فەرهەنگیانی کوردستان هۆشداری دەدات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە