مەهاباد؛ خزر ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد دەستبەسەر کرا

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٢:٠١

هەنگاو؛ چوارشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

خزر (شەماڵ) ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری مهاباد، بۆ سێیەمین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، خزر ڕەسووڵ مروەت، کارناسی ئەدەبیات و چالاکی پێشووی خوێندکاران لە ماڵی خۆی لە شاری مهاباد دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری لەسەر وردەکاری هۆکاری دەستبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە،

خزر ڕەسووڵ مروەت لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٢٧١٢ بە تۆمەتی بەشداری لە گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە قوتابییە بریندارەکانی شاری شیناوێی پیرانشار دەستبەسەر و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٣ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد کیا بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە بەندیخانەی مهاباد ئازاد کرا.

ناوبراو هەروەها پێشتر لە ساڵی ٢٦٩٩ دەسبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو، خزر ڕەسووڵ مروەت هەر لەو ساڵەدا سەرەڕای دەرچوون لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن، دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنی لەسەر ئاستی ماستەر، لێستێندرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە