سەردەشت؛ دەستبەسەرکرانی ئاکۆ عەزیزی و ئەیووب ڕەشی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە
 
            هەنگاو؛ هەینی ۹ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بەناوەکانی ئاکۆ عەزیزی و ئەیووب ڕەشی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۷ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۲۹ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، ئاکۆ عەزیزی، خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانی ناوبراودا گرتووە.
هەروەها ئێوارەی سێشەممە ۶ی خەزەڵوەر ئەیووب ڕەشی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی گوندی پاراستانی سەر بە شاری سەردەشت، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە لە نێو هەشت ئۆتۆمبێلدا بوون، لەو شارە دەستبەسەر کراوە.
هەنگاو ئاکادار کراوەتەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                