زۆربوونی گوشاری ناوەندە ئەمنییەكانی ئێران بۆ سەر ئەسعەد عوبەیدی و هەڕەشەكردن لە بنەماڵەی ناوبراو بە هۆی چالاكییە میدیاییەكانییەوە
هەنگاو؛ هەینی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
ئەسعەد عوبەیدی، چالاكی میدیایی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی بانە و دانیشتووی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو كەوتووەتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. ناوەندە ئەمنییەكان بە بانگكران و هەڕەشە لە بنەماڵەی ناوبراو، خوازیاری ڕاگرتنی چالاكییەكانی ئەم چالاكە میدیاییە بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و بە تایبەت چەند هەفتەی ڕابردوو، گوشاری ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆ سەر بنەماڵەی ئەسعەد عوبەیدی چالاكی میدیایی خەڵكی بانە و دانیشتووی شاری هەولێر زۆر بووە.
هەنگاو زانیویەتی كە، ناوەندە ئەمنییەكان لەم دواییەنەدا بە گوشارخستنەسەر بۆ ئەم چالاكە میدیاییە و ناچاركردنی ناوبراو بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاكییەكانی چەندین جار بنەماڵەی ناوبراو لە بانە بانگ و لێپرسینەوەیان لێ كراوە.
لە درێژەی ئەم هەڕەشانە، ژمارەیەك لە لاپەڕەكانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی نامەی هەرەشەئامێز، بە شێوەیەكی ئاشكرا هەڕەشەی لەناوبردنیان لەم چالاكە میدیاییە كردووە و خوازیاری ڕاگرتنی چالاكییەكانی بوون.
ئەسعەد عوبەیدی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو وەكوو كامێرامان، دیزاینەر و مۆنتێر لە بوارەكانی میدیا و دێكۆمێنتاری لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤی لە كوردستان چالاكی هەبووە و هاوكات چەند لاپەڕەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە بردووە.
ئەم چالاكە میدیاییە، جیا لە بەڕێوەبردنی لاپەڕەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ میدیا كوردییەكان و ڕێكخراوە مافی مرۆڤییەكان لە بواری زانیاری گەیاندن و بەڵگەمەندكردنی پێشێلكارییە مافی مرۆڤییەكان لە كوردستان هاوكاری كردووە و هەواڵ و راپۆرتی تایبەت بەم بزووتنەوەی كۆكردووەتەوە و بۆ میدیا و ناوەندە مافی مرۆڤییەكان ئامادە و بڵاو كردووەتەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر جۆرە گوشار و هەڕەشە دژی چالاكانی میدیایی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی مەحكووم دەكات و داوا لە ناوەندە مافی مرۆڤی و نێونەتەوەییەكان دەكات كە سەرنج بخەنە سەر دۆخی تایبەتی ئەم چالاكە میدیاییانە و پشتیوانیان لێ بكەن.