گواستنەوەی درەخشان ڕەحیمی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ شوێنێکی نادیار

هەنگاو؛ هەینی ۱۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە و تۆمەتباری سیاسیی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە» تۆمەتبار کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۳ ساڵی خەڵکی شاری سنە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لەسەر چارەنووسی درەخشان ڕەحیمی لەبەر دەستدا نییە.
درەخشان ڕەحیمی ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بنەماڵەکەی زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو نەبووە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، درەخشان ڕەحیمی لەگەڵ دوو برای بەناوەکانی ئیدریس و ڕزگار ڕەحیمی و هاووڵاتییەک بەناوی عەدنان مەولایی و هاووڵاتییەکی دیکە کە لە دوکانی شیرینی فرۆشی ئەو بنەماڵە ئیشی دەکرد، لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کران و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە» تۆمەتبار کرابوون.
شایەنی باسە کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا دوو برای ناوبراو، ئیدریس ڕەحیمی و ڕزگار ڕەحیمی کە ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۳ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابوونەوە، بەدانانی بارمتە و تا کاتی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لەو بەندیخانە ئازاد کران.
درەخشان ڕەحیمی و چوار کەسی دیکە ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە دەستبەسەر کرا. ئەو هێزانە دەستیان بەسەر کەرەستە ئەلیکترۆنیەکانی ئەو هاووڵاتییە بریتی لە مۆبایل و لەپتاپەکەیدا گرتبوو.