دێولان؛ محەممەد ڕەزایی، سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
محەممەد ڕەزایی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ڕێكخراوی خەڵكیی ناوەندی “نۆژین” لە شاری دێولان، لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، محەممەد ڕەزایی، چالاکی مەدەنیی خەڵكی دێولان لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حكوومەت” سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی پێڕاگەیشتن بۆ دۆسیەی محەممەد ڕەزایی لەم دواییانەدا بەڕێوە چووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥، سزای دەرچوو لە لایەن دادگاوە بە ناوبراو ڕاگەیێندراوە.
شایانی باسە كە تۆمەتی سەپێندراو دژی محەممەد ڕەزایی لە پەیوەندی لەگەڵ چالاكییە مەدەنی و فەرهەنگییەكانی ناوبراو لە چوارچێوەی ڕێكخراوی خەڵكیی ناوەندی “نۆژین” بووە.
محەممەد ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٢ی جوڵای ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دوای ٥٥ ڕۆژ دەستبەسەركران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆنی بە شێوەی كاتی ئازاد كرابوو.