جێبەجێکرانی سزای سێدارەی عەلی کەریمی و عەلی ئاستان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

١٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٤:٣٤

هەنگاو؛ هەینی، ١٦ خەزەڵوەری ۲۷۲۵

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی کەریمی و عەلی ئاستان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی عەلی کەریمی تەمەن ٤٢ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و عەلی ئاستان تەمەن ٢٥ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێکرا.

بەپێی سەرچاوەکانی هەنگاو، عەلی کەریمی پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتن ئەنقەست لە شەڕێکی بەکۆمەڵی گوندی «بان ڕیوەند» لە ناوچەی سەرفیرۆزئابادی کرماشان دەستبەسەر و عەلی ئاستان ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس بە ناوەکانی سادق عاتفی و قوربان ئەعزەمی لە گەرەکی «شەهرەکی مەسکەن» لە کرماشان دەستبەسەر کرا و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەتی میدیای پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە