سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی چیاکۆ ڕەزایی و ئازاد حاجی میرزایی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات
هەنگاو؛ هەینی ۱۶ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵
چیاکۆ ڕەزایی و ئازاد حاجی میرزایی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی «باوەڕێز»ی سەر بە شاری سنە، سەرەڕای چەند حەوتوو دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چیاکۆ ڕەزایی، قارەمانی یاریی بەرگری و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» ٦٤ ڕۆژی ڕابردوو و ئازاد حاجی میرزایی، چالاکی ژینگەپارێزی، ٢٤ ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون و تا ئێستا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە کە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەکانیانی لەسەر باری تەندروستیی ئەو دوو هاووڵاتییە لێکەوتۆتەوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەڕای بڕیاری ئازادکردنیان لە ماوەی دیاریکراودا، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدان.
شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانییانەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
چیاکۆ ڕەزایی ڕۆژی هەینی ۱۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۵ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵) لەکاتێکدا کە لە یاریگایەک لە شاری سنە ڕۆیشتبووە دەرەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها ئازاد حاجی میرزایی ڕۆژی چوارشەممە ۲۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۵ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە شوێنی کارەکەی لە بازاڕی تاناکۆرای سنە دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە لە ساڵەکانی ۲۷۲۲ و ۲۷۲۳ چەندین جار دەستبەسەر کرابوو و مانگی خەرمانانی ۲۷۲۳ بە تۆمەتی «کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانەوە سزای ۵ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.