جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سەمیر بەهاری و یارولی حاجی زادە، دوو هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان
هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی سەمیر بەهاری و یارولی حاجی زادە، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان «دیڵ ئاوا» جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مای مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٨ی نوامبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سەمیر بەهاری و یارولی حاجی زادە، هەر دووکیان خەڵکی «سەرپێڵی زەهاو» سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.