بەندیخانەی لاهیجان؛ ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی دانیال دارابخانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
دانیال دارابخانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی کرماشان، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەمجارە لە پارێزگای گیلان دەستبەسەر کراوە و ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووی لە بەندیخانەی ئەو شارە بەسەر بردووە. ناوبراو یەکێک بووە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧١٧ .
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیال دارابخانی، خەڵکی کرماشان سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە لەسەر دەستبەسەرکرانی هێشتا لە بەندیخانەی لاهیجان ڕاگیراوە و دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
دانیال دارابخانی دوای ئەوەی کە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیێندراوە، بە بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە .
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧١٧ دەستبەسەر و دوای ٩ مانگ ڕاگیران لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧١٧ لە کرماشان، سزای یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا و دوای بەسەربردنی ئەو ماوەیە، لە بەندیخانە ئازاد کرا.