سەقز؛ محەممەد عەلی وەیسی، چالاکی ژینگەپارێزی دەستبەسەر کرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
محەممەد عەلی وەیسی(ڕۆژهەڵات)، یەکێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی کورد و خەڵکی سەقز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٩ی نوامبری ٢٠٢٥)، محەممەد عەلی وەیسی، ٣٠ ساڵە و خەڵکی سەقز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی محەممەد عەلی وەیسی، دەستبەسەر کرانی ئەم هاووڵاتییە لە تەعمیرگای میکانینی شوێنی کارەکەی، ئەنجام دراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەر کران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی هەڵگرتنی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
محەممەد عەلی وەیسی، پێش لەمەش بە هۆی چالاکییەکانی، لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگ و دەستبەسەر کرابوو.