کامێران؛ ڕامین محەممەدی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
ڕامین محەممەدی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران؛ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، ڕامین محەممەدی، ٣٢ ساڵە و خەڵکی گوندی ''ئەڵک'' سەر بە کامێران؛ دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەر کرانی ڕامین محەممەدی لە ماڵی یەکێک لە نزیکەکانی ئەنجام دراوە و لەگەڵ ئەودا، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیەش کەوتنە بەر تووندوتیژی و هەڕەشە.
ڕامین محەممەدی پاش دەستبەسەر کران لە کامێران؛ بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە گواسترایەوە.
ڕامین محەممەدی پێشتریش لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی کە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی کۆمەڵە بووە و پاش جیابوونە لەم حیزبە بۆ شوێنی لەدایک بوونەکەی گەڕاوەتەوە.