تاران؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەر کردن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی باشووری کوردستان بە تۆمەتی سیخوڕی

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٤:٣٨

هەنگاو؛ یەکشەممە، ۱۱ خەزەڵوەری ۲۷۲۵

هاوڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەید سادق سەر بە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان بە ناوی "کاروان"، دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژەی خایاند، لە تاران دەستبەسەر و ئەشکەنجە دراوە. ئەم هاوڵاتییە بە بێ هیچ پاساوێک وەک تۆمەتبارێکی سیاسی چوار مانگ دەستبەسەرکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاروان، نزیکەی ٤٥ ساڵی تەمەنە و خەڵکی گوندی "شانەدەر"ی سەر بە شارۆچکەی سەید سادق، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، ماوەیەک لەمەوبەر دوای چوار مانگ دەستبەسەر و ئەشکەنجەدان ئازاد کرا.

شیاوی باسکردنە کە، کاروان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشی ئەشکەنجەیەکی توندی دەروونی و جەستەیی کراوە بە ئامانجی دەستکەوتن بە دانپێدانانێکی زۆرەملێ لە دژی خۆی لە ژێر ناوی "پەیوەندی و سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل".

ئەم هاووڵاتییە دوای پازدە ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن، لە ڕێگەی ناسیاوێکەوە، بنەماڵەکەی لە بارودۆخی خۆی ئاگادار دەکاتەوە، براکەی سەفەری تاران دەکات و دوای ماوەیەکی زۆر چاوی پێی کەوتووە.

دوای بەرگەگرتنی چوار مانگ دەستبەسەری و ئەشکەنجە، ماوەیەک پێش ئێستا لە بەندیخانەیەکی تاران ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ ناوچەی سەید سادق لە هەرێمی کوردستان.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتە ڤیدیۆیێکدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندۆ کە ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ ( ۲۶ی ژوانی ۲۰۲۵) لە کاتێک دا کە بە مەبەستی کڕینی کەرەستەی پزیشکی و پاکوخاوێنی چووەتە تاران بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە