بەڕێوەچوونی دادگای ئەشکان مالیکی، مێهرداد محەممەدی‌نیا و ئارمان مەعریفەتی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٢٣:٠٢

هەنگاو؛ شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

دانیشتنی دادگای پێڕاگەییشتن بە تۆمەتەکانی سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری تاران، لەوانە دوو گەنجی کورد و خەڵکی قوروە بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا و هەروەها ئارمان مەعریفەتی، بە تۆمەتی « ئاگردان و تێکدانی مزگەوتی جەعفەری و حەوزەی زانستیی ئیمام هادی لە کووی نەسر (گیشا) لە تاران» لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی ١٩ی بەفرانبار، لە دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا کە هەردووکیان خەڵکی قوروەن و هەروەها ئارمان مەعریفەتی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لە دانیشتنێکی دادگای شۆڕشی تاراندا ڕووبەڕووی تۆمەتی قورس بوونەتەوە. "میزان"، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری، هەواڵی بەڕێوەچوونی ئەم دانیشتنەی بڵاو کردەوە.

لەو دانیشتنەدا و بەپێی ئیدیعاکانی نوێنەری داواکاری گشتی (داستان)، تۆمەتباری ڕیزی یەکەم ئەشکان مالیکی و تۆمەتباری ڕیزی دووهەم مێهرداد محەممەدی‌نیا، بە «هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕێژیمی ئیسرائیل و دەوڵەت و گرووپە نەیارەکان دژبە ئاسایشی وڵات بە توانای کوشتار، تێکدانی مۆڵکی گشتی و تایبەتی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکە» تۆمەتبار کراون.

هەروەها تۆمەتباری ڕیزی سێیەم ئارمان مەعریفەتی، سەرەتا لەلایەن نوێنەری داواکارەوە بە «کۆبوونەوە و تەبایی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان» تۆمەتبار کرا، کە لە درێژەدا دادوەر بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٨٠ی یاسای ڕێکاری دادبینیی کەیفەری، ئەم هاووڵاتییەی بە «بەشداری لە هەنگاوە ئۆپەراسیۆنییەکان دژی ئاسایشی وڵات، چوونە ناو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی تێکدان، بەشداری لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حەوزەی زانستی و هەروەها بەشداری لە زیانگەیاندن بە بڕی نزیکەی ٥٠ ملیار تمەن» تۆمەتبار کرد.

نوێنەری داواکار ئیدیعای کرد کە ئەم کەسانە هەنگاوی وەک تێکدانی مزگەوت، ئاگرتێبەردانی ماتۆڕسکیلەکانی ناو مزگەوت، تێکدانی تابلۆکانی هاتووچۆ، داخستنی شەقام و هەروەها کۆبوونەوە و تەبایی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥دا ئەنجام داوە.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا، بە نیشاندانی وێنە و فیلمەکانی شەوی ڕووداوەکە، نوێنەری دەستەی ئەمینداری مزگەوتی جەعفەری و بەرپرسانی حەوزەی زانستیی ئیمام هادی وەک شایەتحاڵ و نوێنەری ئەو شوێنانە لە دادگادا ئامادە بوون و هەندێک ئیدیعایان سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناڕەزایەتییان خستە ڕوو.

هاوکات، میدیای دەزگای دادوەری ڤیدیۆیەکی لە قسەکانی تۆمەتباران سەبارەت بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە لەسەر بابەتە خراوەتەڕووەکان بڵاو کردەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گومان لەسەر چۆنیەتیی دەربڕینی ئەو قسانە لەلایەن ئەم سێ هاووڵاتییەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە