کامێران؛ محەممەد دەشتی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دەستبەسەر کرا

١٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢١:٠٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

محەممەد دەشتی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. بەم شێوەیە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی کامێران لەماوەی ڕۆژی ئەمڕۆدا بۆ دوو کەس بەرز بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، محەممەد دەشتی، ٣٦ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "ئەڵک" سەر بە کامێران، دەستبەسەر کرا.

محەممەد دەشتی، پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر و سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو. ناوبراو دوای بەسەربردنی یەک ساڵ لە سزاکەی، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی دووشەممە، ڕامین محەممەدی، ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەڵک" سەر بە کامێران، بە توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.

محەممەد دەشتی و ڕامین محەممەدی دوای دەستبەسەرکردنیان لە کامێران، بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە گوازراونەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە