ئورمیە؛ دەستبەسەرکرانی فەرشاد سووری لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٠:٢٤

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵

فەرشاد سووری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە لە شەش ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۵ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، فەرشاد سووری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «بالوو»ی سەر بە شاری ئورمیە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جەواد سووری، برای ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵) لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتەوە دەستبەسەر و دوای چوار ڕۆژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.


 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە