ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئەراک، کرماشان، قوم، یەزد و ساری

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٣:١٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بە ناوەکانی ئێحسان مێهدی پوور، هومەن ئازادی، سوڵتان موراد محەممەد، شاهرۆخ قەمەری و نادر فەتحی، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی «کوشتنی بە ئەنقەست» و «پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان»، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ئەراک، کرماشان، قوم، یەزد و ساری جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئێحسان مێهدی پوور، کە پێشتر بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٩ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی هومەن ئازادی، خەڵکی کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرابوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (١٥ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی سوڵتان موراد محەممەد، لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرابوو. ئەم بەندکراوە لە شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو. ناوبراو لە بەندی ١ی بەندیخانەی ناوەندیی قوم لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (١٣ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی شاهرۆخ قەمەری، خەڵکی خوڕەم ئاوا، کە پێشتر بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە «هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر»، سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرابوو.

هەر لەم ڕاستایەدا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٢ی سێپتەمبر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی گیلەک بە ناوی نادر فەتحی، خەڵکی ساری و باوکی منداڵێک، لە بەندیخانەی تیرکەلانی ساری جێبەجێ کرابوو. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە لە سێ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم پێنج بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە