سەوڵاوا؛ دەستبەسەرکرانی یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو؛ هەینی ۲۳ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوا بەناوەکانی یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۳ی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۱۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سلێن» سەر بە شاری سەوڵاوا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەدوایی، دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کە خاوەنی چێشتخانەی «قەڵواز» لە ناوچەی گەشتیاریی هەورامانن، کاتژمێر سێی بەرەبەیانی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون و بەدواداچوونی بنەماڵەکان بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.