خۆی؛ کوژران و ڕفاندنی تەرمی دوو برای کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
دوو برای کورد و خەڵکی خۆی بە ناوەکانی خالیس پەرویزی و یووسف پەرویزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، خالیس پەرویزی، ٣٠ ساڵ و یووسف پەرویزی، ٤٠ ساڵ، کە هەردووکیان خێزاندارن و باوکی چەند منداڵ بوون و خەڵکی گوندی "قەنڵە"ی سەر بە خۆی بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کوژران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی خالیس و یووسف پەرویزی، ئەم برایانە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە سنووری شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە خۆی، ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانجی تەقە و لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیکرد کە تا ئێستا، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پاش رفاندنی تەرمی ئەم دوو گەنجە،هێشتا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەیان نەکراوە.