بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی کامران ڕەواز لە بەندیخانەی مەهاباد

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٤:٢٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی کامران ڕەواز، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد تا ئێستا بەبێ سەپاندنی سزایەک لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای گواستنەوەی بەردەوامی ئەو هاووڵاتییە لە نێوان دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی مەهاباد، بارودۆخی یاسایی ناوبراو نادیارە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامران ڕەواز، تەمەن ۲۸ ساڵ، باوکی یەک منداڵ و خەڵکی شاری مەھاباد، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲۸ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە کامران ڕەواز دوای دەستبەسەرکرانی، ۶۷ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواستراوەتەوە و نزیکەی یەک مانگ دواتر بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە و دوای دوو حەوتوو لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گەڕێندراوەتەوە.

کامران ڕەواز ڕۆژی هەینی ۲۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۱ی جولای ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرابوو.

شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە