ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بەردەوامیی مانگرتنی کرێکارانی کانگای زەڕەشۆرانی تیکاب لە دوای هەڵاواردنی ڕێکخراوانەی سوپای پاسداران
هەنگاو؛ سێشەممە ۱۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
کرێکارانی کوردی خەڵکی ناوچەی کانگای زەڕەشۆران لە شاری تیکاب بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە هەڵاواردنی بەرفراوان، سڕینەوەی خزمەتگوزارییەکان و بارودۆخی نادادپەروەرانەی پیشەیی، و لە کاردانەوە بە سەرپەرشتیاریی ناحەق و دەستەبازی و هەڵاواردنی ڕێکخراوانە لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سێهەمین ڕۆژ لە مانگرتن و کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانەیان تێپەڕ دەکەن. ئەو ناڕەزاییانە لەگەڵ هەڕەشە و گوشاری هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۴ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، کرێکارانی کوردی کانگای زێڕی زەڕەشۆران لە شاری تیکاب، بەهۆی بارودۆخی نادادپەروەرانەی پیشەیی، سڕینەوەی خزمەتگوزارییەکان و وەرگرتنی ناهاوسەنگی خزمەتگوزاری لەنێوان کرێکاراندا، کە بەهۆی بەڕێوەبەریی کانگا لە لایەن کۆمپانیای «ئاریانا»، کۆمپانیای پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانەوەیە، کۆ بوونەتەوە و مانیان گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کرێکارانی ناڕازی کە زۆربەیان لە خەڵکی ئەو ناوچەیەن، بەشێوەی ئاشتیخوازانە ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و مانیان گرتووە و داوای کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و سەرپەرشتیاریی ناحەقی ڕێکخراوانە لە لایەن سوپای پاسداران لە بەڕێوەبردنی ئەو کانگایە دەکەن.
ناڕازییان پێداگرییان کردووە کە ئەو هەڵاواردن و نایەکسانیانە بەهۆی بەڕێوەبەریی کانگاکە لە لایەن کۆمپانیای ئاریانا، کۆمپانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانەوەیە و داوای کۆتایی هێنان بە شێوازی هەڵسوکەوتی ئەو ناوەندە و پێڕاگەیشتنی دەستبەجێ بە داواکارییە پیشەییەکان دەکەن.
ئەو کانگایە کە لە گەورەترین کانگا زێڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە ئەژمار، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە کۆمپانیای ئاریانا پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سپێردراوە. دوای ئەوە سەرجەم خزمەتگوزارییە پیشەییەکانی کرێکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیە سڕدراوەتەوە و ئەوە لەحاڵێکدایە کە کرێکارانی دیکە کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە پارە و خزمەتگوزاریی زیاتر وەردەگرن.
هاوکات، مانگرتنی ئەو کرێکارانە لەگەڵ هەڕەشە و هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی حکومی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕوو بووەتەوە. بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئەو هێزانە هەڕەشە لە ناڕازییان دەکەن کە لە ئەگەری بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، لە کار دوور دەخرێنەوە و بە تەواوی لە چالاکی لە کانگا وەلا دەنرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی کانگای زەڕەشۆران دەچێتە نێو سێهەمین ڕۆژی خۆیەوە و سەرەڕای سەرمای سەخت و هەڕەشەی هێزە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسدارانەوە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی کانگا و ناوەندە پەیوەندیدارەکان کاردانەوە یان وەڵامی فەرمیی بە داوای کرێکاران نەداوەتەوە.