سەقز؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەمجەد ساڵحزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێنج مانگ لەمەوبەر، دوای ١٢٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەمجەد ساڵحزادە، ئەم هاووڵاتییە لە دوکانەکەی خۆیدا ، لە سەقز دەستبەسەرکراوە.
ئەمجەد ساڵحزادە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای ٤ مانگ و ٣ ڕۆژ دەستبەسەری، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
شایەنی باسە، ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، دوای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراو، پاش یەک ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن، ئازاد کرابوو.