توندوتیژی خێزانی؛ پیاوێک لە مەهاباد هاوژین و خەزووری خۆی کوشت
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
پیاوێک لە شاری مەهاباد بە بەکارهێنانی چەکی گەرم، هاوژین و خەزووری خۆی بە ناوەکانی "نەمام فەرهۆش" و "خالید فەرهۆش" کوشت. هۆکاری بکوژ بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە "ناکۆکیی خێزانی" ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، پیاوێک بە ناوی جەلال حوسێنی بە بەکارهێنانی چەکی گەرم، هاوژینە ٤٢ ساڵەکەی خۆی بە ناوی نەمام فەرهۆش و خەزووری بە ناوی خالید فەرهۆش لە گەڕەکی "زەوییەکانی شارەوانی" لە مەهاباد کوشت.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، نەمام فەرهۆش پێشتر بەهۆی بوونی ناکۆکیی زۆر لە ژیانی هاوبەشیاندا، داوای تەڵاقدانی کردبوو و دۆسیەی تەڵاقەکەیان لە ناوەندە دادوەرییەکان لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.
شایانی باسە کە بکوژ دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵاتووە و پۆلیس تا ئێستا نەیتوانیوە دەسبەسەری بکات.