ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوشتنی لەیلا ئازەری لە لایەن هاوژینی پێشووی لە شاری بۆکان
هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۶ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سایینقەڵا بەناوی لەیلا ئازەری، لە لایەن هاوژینی پێشوویەوە لە شاری بۆکان کوژرا. هۆکاری کوشتنی ناوبراو بە ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی دووبارە لەگەڵ بکوژەکەی ڕاگەیەندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۶ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، ژنێکی تەمەن ۳۹ ساڵ بەناوی لەیلا ئازەری، خەڵکی گوندی ئاختەپەی سەر بە شاری سایینقەڵا و دانیشتووی شاری بۆکان لە لایەن هاوژینی پێشووی بە لێدانی چەندین زەربەی بەرد لە سەری کوژراوە.
تەرمی ئەو ژنە گەنجە لە گوندی ئەڵڵاسەیدەی بۆکان دیتراوەتەوە. لەیلا لە یەکەمین هاوسەرگیریی خۆی منداڵێکی کچی هەیە کە سەرپەرشتیاری منداڵەکەی بە خۆی بووە و بە مەبەستی بژێوی ژیانی لە چێشتخانەیەک لە شاری بۆکان کاری دەکرد.
هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی لەیلا ئازەری ئاگادار کراوەتەوە کە، لەیلا پاش هاوسەرگیریی دووبارەی هاوژینی دووەمی لێی جودا بووەتەوە و تەنانەت دوای جودابوونەوەی ناوبراو لە هاوژینی دووەمیشی ئامادە نەبووە دیسان مێردی پێ بکاتەوە.
بکوژ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و تەنانەت بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە هەوڵی دابوو کە لەیلا ئازەری ڕازی بکات کە دیسان هاوسەرگیری لەگەڵ بکاتەوە و دوای ڕەتکردنەوەی دوایین داوای هاوسەرگیریی، بە چەندین زەربەی بەرد لەسەر سەری قوربانی ناوبراوی کوشتووە.
دوای دیتنەوەی تەرمی لەیلا، بکوژ دەستبەسەر کراوە و دانی بە کوشتنی هاوژینی پێشوویدا ناوە.