دیواندەرە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی دوو پزیشکی ددان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
ئازاد سوبحانی و زانیار مورادی، دوو پزیشکی ددان و خەڵکی دیواندەرە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە دیواندەرە دەستبەسەر کراون و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک، بە چارەنووسێکی نادیار لە گرتووخانەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە سنە ڕاگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئازاد سوبحانی و زانیار مورادی، کە هەر دوویان خێزاندارن و پزیشکی ددان و خەڵکی دیواندەرەن، ماوەی ٨ ڕۆژە بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە دەستبەسەریدا ماونەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازاد سوبحانی و زانیار مورادی بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان" ڕووبەڕوو کراونەتەوە.
ئەم دوو پزیشکی ددانە تا ئێستا لە مافە سەرەتاییەکانیان وەکوو؛ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان، بێبەش بوون.
ئازاد سوبحانی و زانیار مورادی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) لە شوێنی کارەکەیان لە دیواندەرە دەستبەسەر کراون.