بانه؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی مستەفا قەوسی
هەنگاو؛ یەکشەممە ۲ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
مستەفا قەوسی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی مستەفا قەوسی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۹ ساڵ، خێزاندار و باوکی یەک منداڵ و خەڵک و دانیشتووی گوندی ساوانی بانە، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە مستەفا قەوسی، ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، لەسەر ڕێگای پیرانشار-مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.